بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە موحسین مەندەلاوی کرد
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان دامەزراوە دەستوورییەکانی عیراق و بەردەوامی هەوڵەکان کرا بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی هەموو گەلانی عیراق و راپەڕاندنی ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.
بافڵ تاڵەبانی ستایشی رۆڵی ئەرێنیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد لە بەرامبەر پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و هیوای خواست کۆدەنگییەکی نیشتمانی سەبارەت بەم پرسە گرنگە بێتە ئاراوە و پشتگیری لێبکرێت.
لەبارەی خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای بودجە و پەسەندکردنی، تاڵەبانی رایگەیاند، پەسەندکردنی بودجە و گەرەنتیکردنی مافەکانی کورد لە یاساکەدا، هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە وڵات و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بۆ هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەپێناو بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر.
