باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات و ڕایگەیاند، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ڕێکاری پێویست و دەستبەجێ بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە بگرێتەبەر؛ هاوکات جەختیش دەکاتەوە، دەبێت سەرجەم چەکەکان، بەتایبەتی درۆن، مووشەک و ڕۆکێتەکان، لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بن.
پێنجشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2025، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات.
دەشڵێت: ئێمە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشە عێراقییەکانی دیکەمان، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ڕێکاری پێویستە دەستبەجێ بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە بگرێتەبەر، کە ئەمە نوێترین زنجیرە هەوڵی لایەنە تێکدەرەکانە بۆ شێواندنی سەقامگیریی عێراق و بەئامانجگرتنی وەبەرهێنانەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا هاتووە، ئێمە ئامادەین پشتیوانی لە هەوڵەکانی پاراستنی ئەم ژێرخانە گرنگە بکەین و بەردەوامیش دەبین لە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی سەپاندنی سەروەریی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەوڵانەی بۆ لاوازکردنی دەدرێن.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا جەختیش دەکاتەوە، دەبێت سەرجەم چەکەکان، بەتایبەتی درۆن، مووشەک و ڕۆکێتەکان، لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بن.
