بە چاودێری سەرۆک وەزیران گرێبەستی پڕۆژەی دروستکردنی شاری عەلی وەردی واژۆ کرا
بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە واژۆکردنی گرێبەستی پڕۆژەی نوێی شاری نیشتەجێبوونی عەلی وەردی بەڕێوەچوو .
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:-سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، واژۆکردنی گرێبەستی پڕۆژەی نوێی شاری نیشتەجێبوونی عەلی وەردی بەڕێوەچوو لەلایەن وەزیری نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردن و شارەوانییەکانەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئۆرا (ORA)بۆ گەشەپێدانی خانووبەرە نەجیب ساویریس و پڕۆژەکە بە گەورەترین پڕۆژە دادەنرێت لەنێو پێنج پڕۆژەی شاری نیشتەجێبوونی نوێدا، لە قۆناغی یەکەمیدا و لە بەرنامەی حکومەت ئەولەویەتی پێ دراوە بۆ جێبەجێکردنی.
ئاماژەبەوەکرا ,,لە میانەی ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکەدا، سودانی وتی کە ستراتیژی چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون کە حکومەت گرتوویەتێ بەر ئامادەکردنی ئەو شارانە لە خۆدەگرێت کە بە ژێرخان خزمەت کراون، هەروەها بەردەستبوونی هەزاران یەکەی نیشتەجێبوونی جیاواز، بۆ ئەوەی لەگەڵ چینە جیاوازەکانی هاوڵاتیاندا بگونجێت و کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی فشاری دانیشتوان لەسەر شاری بەغداد و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە بۆ یەکەم جارە لە مێژووی عێراقدا بەو قەبارە و توانایە جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش و وەک پابەند بوونێک دێت لە بەرنامەی حکومەتدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی و بەردەوام بۆ قەیرانی نیشتەجێبوون.,,
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ,,سودانی پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەدای تیمی شارەزا لە وەزارەتی نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوە و ئەمیندارییەتی بەغداد و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تر کە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراق ئامادە و سەرنجڕاکێشە بە شێوەیەکی کاریگەر.,,
لە لای خۆیەوە، ساوێرس ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هاوبەشییە لەگەڵ عێراق بۆ جێبەجێکردنی شاری نیشتەجێبوونی عەلی وەردی خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لە هەماهەنگی و بەشداریکردن لە تێڕوانینی پێشەنگ و داهێنەر بۆ جێبەجێکردنی شارە نیشتەجێبووەکان، کە هاوسەنگی نێوان پێداویستی ژینگەیی و دانیشتوان لەبەرچاو دەگرێت.
جێی ئاماژەیە پرۆژەی شارە نوێیەکە کە ناوی کۆمەڵناس و بیرمەندی کۆچکردووی عێراقی دکتۆر عەلی وەردی لەخۆدەگرێت، لەسەر ڕووبەری 61 ملیۆن مەتر چوارگۆشە دەست پێ دەکات و دەگاتە باشوری ڕۆژهەڵاتی بەغدادی پایتەخت و 120،000 یەکەی نیشتەجێبوونی هەمەجۆر لەخۆدەگرێت، جگە لە دامەزراوەکان و ڕووبەری سەوزایی و ئامرازەکانی تەکنەلۆژییای شار بە مەبەستی جێبەجێکردنی ستانداردە پێشکەوتووەکان لە بواری بەردەوامی و پاراستنی ژینگەدا.
هەروەها ساوێریس و کۆمپانیای ئۆرا یەکێکن لە بەناوبانگترین کۆمپانیاکانی بواری گەشەپێدانی خانووبەرە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و گرێبەست کردن لەگەڵیاندا لە چوارچێوەی ڕاسپاردەکانی حکومەتدا دێت بۆ تەواوکردنی هاوبەشی سەرکەوتوو لەگەڵ کۆمپانیا پێشکەوتووەکان و ئەو بازرگانانەی کە بە کوالێتی جێبەجێکردن و شارەزایی ناسراون.
