بەربژێرێکی جەهەپە هەڕەشە لە دەم پارتی کوردی دەکات
بورجو کۆکساڵ، بەربژێری پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی ئافیۆنکاراهیسار رایگەیاند، ئەگەر ببێتە سەرۆکی شارەوانی لەگەڵ دەم پارتی و هودا پار کار ناکات.
بورجو کۆکساڵ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەگەر بوومە سەرۆکی شارەوانی دەرگای شارەوانی بەڕووی هەموو کەسێکدا کە تورکیای خۆشبوێت و داکۆکی لە یەکپارچەیی بکات، کراوەیە جا ئیتر لە هەر نەژاد، مەزهەب و بیر و باوەرێک بێت.
وتیشی: "ئەگەر ببمە سەرۆک شارەوانی لەگەڵ پارتی دەم و هوداپاردا کار ناکەم".
کۆکساڵ پیشتریش رایگەیاندبوو، لە ئەگەری هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی شارەوانی ئافیۆنکاراهیسار، جگە لە پارتی دەم، دەرگای شارەوانی بەڕووی هەموو پارتە سیاسییەکاندا دەکاتەوە.
گوتەکانی کۆکساڵ کاردانەوەی لێکەوتبووەوە و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ گوتەکانی کۆکساڵی بە توندی رەتکردبووەوە و رایگەیاند، "ئەو بەربژێرە یان ئیشێک بۆ خۆی دەدۆزێتەوە یان هی پارتێکی دیکە".
