بەهۆی ئامارەکانی سەرژمێری دەتوانرێت ئەو ناوچانەی خزمەتگوزارییان کەمە وەبەرهێنانیان تیادا بکرێت
مەزهەر ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی ئامارەکانی سەرژمێرییەوە، حکومەت دەتوانێت ئەو ناوچانەی خزمەتگوزارییان کەمە، وەبەرهێنانیان تیادا بکرێت و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیشیان بۆ دابین بکات.
لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت: هەر بەهۆی ئامارەکانی سەرژمێرییەوە، دەتوانرێت رێژەی بێکاریی بە تەواوەتی بزانرێت، لەو رێگەیەشەوە دەتوانرێت پلانی دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی بێکارن جێبەجێ بکرێت.
لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی دوێنێ چوارشەممەوە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی دەستیپێکرد و لە پرۆسەکەدا زیاتر لە 130 هەزار بژمێر بەشدار دەبن و چەند پرسیارێک لەبارەی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان دەکەن.
هەروەها ئەمڕۆ پێنجەممەش لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان بەردەوام دەبێت.
