ترەمپ ڕەزامەندی خۆی بە کۆریای باشور دەدات بۆ دروستکردنی ژێردەریایییەکی بەهێزی ئەتۆمی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕەزامەندی خۆی بە کۆریای باشور داوە بۆ دروستکردنی ژێردەریایییەکی بەهێزی ئەتۆمی، ئەوەش ڕۆژێک دوای ئەوەی هەردو وڵات ڕایانگەیاند کە گەیشتونەتە ڕێککەوتنێکی بازرگانی فراوان.
ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە لە شاری گیۆنگجوی باشوری وڵاتەکەی لەگەڵ لی جای میونگ سەرۆكی کۆریای باشور کۆبوەوە، كە سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی هاوکاری ئابوری ئاسیا و زەریای هێمن گەیشتە ئەوێ.
ڕاوێژکارێکی سەرۆکی کۆریای باشور ڕایگەیاند، هەردو وڵات گەیشتونەتە ڕێککەوتنێکی فراوان کە وەبەرهێنان و کەشتیسازی دەگرێتەوە، هاوکات ترەمپ ڕایگەیاند، "بەشێکی زۆری ڕێککەوتنەکە ئەنجامدراوە".
ترەمپ، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پلاتفۆرمی "Truth Social" بڵاویكردەوە، "من مۆڵەتم پێداون کە ژێردەریایییەکی بەهێزی ئەتۆمی دروست بکەن، لەبری ئەو ژێردەریاییە کۆن و خاوانەی كە ئێستا هەیانە و بە گازۆیل كاردەكات".
لە پۆستێکی جیادا ئاماژەی بەوەشکردوە، "کۆریای باشور ژێردەریاییەکەی كە بە بەهێزی ئەتۆمی كاردەكات، لە کارگەکانی کەشتیوانی لە شاری فیلادلفیا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دروستدەکات".
