حەس حەس لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی عێراقەوە بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی نەشیاو دەستگیركرا
عیناد خالید، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە "حەس حەس" ناوبانگی پەیداكردوە ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی عێراقەوە دەستگیركرا كە تۆمەتباركراوە بە بڵاوكردنەوەی بابەتی نەشیاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە لەگەڵ ئادابی گشتی و بەها كۆمەڵایەتیەكان ناگونجێت.
میدیاكانی عێراق ئەمڕۆ شەممە بڵاویانكردەوە، هێزێکی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، عیناد خالید، كە نازناوی "حەس حس"ـە دەستگیرکردوە، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوە و بانگەشەکردن بۆ بابەتی نەگونجاو لە سۆشیال میدیا.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنیەكان، دەستگیركردنی حەس حەس دوای چاودێری وردی لیژنەی بڵاوكراوە نەشیاوەكان لە وەزارەتی ناوخۆ و بە فەرمانی دادوەر بوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەستگیركردنەكە بەگوێرەی ڕێکارە یاساییەکان ئەنجامدراوە و بەشێکە لە زنجیرەیەک ڕێکار کە وەزارەتی ناخۆ دەیگرێتەبەر، بەرامبەر ئەوانەی کە بەشدارن لە نەشیاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان کە پێچەوانەی ئادابی گشتی و بەها کۆمەڵایەتییەکانە.
حەس حەس لەدایكبوی ساڵی 1990ی شاری ئەنبارە، ماوەی چەند ساڵێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چالاكی هەیە و ناوبانگی پەیداكردوە، بە وتەی خۆی داهاتی مانگانەی "سێ بۆ چوار هەزار دۆلار زیاترە"، بە ملیۆنان كەس بینەریین.
