حەکیم بۆ باڵیۆزی فەرەنسا: بەغداد و پاریس دەرفەتی گەورەیان لەبەردەمدایە
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، بە پاتریک دورێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراقی ڕاگەیاند: بەغداد و پاریس خاوەنی دەرفەتی بەڵێنپێدراون بۆ بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەید حەکیم لە بەیاننامەیەکدا، دەڵێت: "سەید عەممار حەکیم لە نووسینگەکەی خۆی لە بەغداد، پێشوازی لە پاتریک دورێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد."
بەپێی بەیاننامەکە، لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی گەشەپێدانیان لە نێوان بەغدا و پاریس کرا، جگە لە تاوتوێکردنی ڕۆڵی دەوڵەتە زلهێزەکان لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق.
سەید حەکیم جەختیکردەوە: لەسەر گرنگی "پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات" و ئاماژەی بەوەشکرد: "بەغدا و پاریس دەرفەتی باشیان لەبەردەمدایە بۆ بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری لە کەرتە جیاوازەکاندا."
هەروەها ڕوونیکردەوە: "عێراق سیاسەتی کرانەوە بەڕووی هەموواندا پەیڕەو دەکات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پاراستنی سەروەری نیشتمانی"، هاوکات تیشکی خستە سەر سروشتی دۆخی سیاسی ئێستای عێراق.
سەید حەکیم داواشیکرد شایستە دەستوورییەکانی پەیوەست بە سێ سەرۆکایەتییەکە و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو یەکلایی بکرێنەوە، بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی هیواکانی گەلی عێراق بێت، هەروەها ستایشی ئاستی ئامادەباشی ئەمنی و سەربازی و هەواڵگری کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان.
لە کۆتاییدا، داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەی کرد و هۆشداری دا لەوەی "بەردەوامی ئاڵۆزییەکان دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەیەکدا کە پەیوەستە بە بەرژەوەندییەکانی هەموو جیهانەوە"، جەختیشیکردەوە: لەسەر "گرنگی پەنابردن بۆ گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پێشکەشکردنی سازشی دوولایەنە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی."
