خانمی بازگەکانتان لەبیر ماوە؟ لە زیندانی بەغداد گیانی لەدەستدا
شایان نوری عەلی، ئەو خانمە کوردەی گرتەی ڤیدیۆیی لەبازگەکاندا بڵاودەکردەوەو خۆی بە پارێزەر دەناساند و دەیوت ناسنامەی ئەمریکیم هەیە، لە گرتووخانەیەکی بەغداد گیانی لەدەستدا.
شایان نوری عەلی دوای ئەوەی بەتۆمەتی هێرشکردنەسەر چەند دادوەرێکی کەرکووک لەبنکەی پۆلیسی رەحیماوا دەستگیرکراو دواتر بە دوو ساڵ زیندانی سزادرا.
ماوەی نزیکەی ساڵێکە بۆ گرتووخانەی ژنانی بەغدا گواستراوەتەوە و دوێنێ چوارشەممە هەواڵی گیان لەدەستدانی بڵاوکرایەوە، بەڵام هێشتا هیچ رونکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی بڵاونەکراوەتەوە.
زانیاری زیاتر...
شایان عەلی بە ماددەی 413 و لەسەر سکاڵای دوو دادوەری دادگە دەستگیرکرابوو بە تۆمەتی هەڕەشە و سوکایەتیکردن بە دادوەرەکانی دادگە، لە مانگی تەممووزی ساڵی ڕابردوو 2023 سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەردا سەپێندرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شایان پێشتر بەهۆی دۆسیەی جیابوونەوە لە هاوسەری پێشووی و لە ئەستۆگرتنی منداڵەکەی لە دادگە بووە و بە مەبەستی راییکردنی کاروبارەکانی لەسەر ئەو دۆسییە سەردانی دادگەی کردووە، لە دادگای کەرکووک لەگەڵ دوو دادوەر بووە دەمەقاڵی و لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوو 2023 سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر سەپێنرا.


