خەزعەلی هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە دژی هەر کردەوەیەک هەڕەشە لەئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بکات ڕادەگەیەنێت
ئەمڕۆ شەممە،قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق،بێبەری خۆی لە هەر کەسێک ڕاگەیاند کە تێوەگلابێت لە هەڕەشەکردن لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای میسان.
شێخ خەزعەلی لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیای (X) کە ئاژانسی هەواڵی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "بۆ ڕۆڵە خۆشەویستەکانی گەلەکەمان لە پارێزگای میسان، ماوەیەکی درێژە هەوڵەکان بۆ نانەوەی فیتنە لە نێوان ڕۆڵەکانی یەک پارێزگادا بەردەوامن، بە فەزڵی خوای گەورە توانیمان بەسەر چەندین ڕووداوی بەژان و پڕ ئازاردا زاڵ ببین، کە لوتکەکەیان تیرۆرکردنی فەرماندەی شەهید ویسام عەلیاوی و براکەی بوو بە شێوەیەکی دڕندانە، و دواتریش تیرۆرکردنی برای سێیەمیان."
هەروەها وتی: "بەڵام ئێمە بڕیارمان دا و تا ئێستاش بەردەوامین لە پەنابردن بۆ یاسا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، بۆ ئەوەی ڕاوچییانی ناو ئاوی لێڵ نەتوانن بۆ نانەوەی فیتنە قۆستنەوەی بۆ بکەن."
ئاماژەی بەوەش کرد: "جەخت لەسەر هەمووان دەکەینەوە کە لە هەر ڕووداوێکدا پەنا بۆ یاسا ببەن، داواش لە هێزە ئەمنییەکانمان دەکەین ئەرکی خۆیان بە تووندی و وردی ئەنجام بدەن لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانباران و یاساشکێنان."
لە کۆتاییدا وتی: "لە لایەن خۆمانەوە، بێبەری خۆمان ڕادەگەیەنین لە هەر کەسێک کە تێوەگلابێت لە هەر کارێک کە هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکات و ژیانی خەڵک بخاتە مەترسییەوە."

