دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری نادەستووریبوونی هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای پاسپۆرت دەدات
دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە،بڕیاریدا بە نادەستووریبوونی هەموارکردنەوەی یاسای ژمارەی ٦ـی ساڵی ٢٠٢٥ تایبەت بە پاسپۆرت.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە، بڕیاریدا، یاسای ژمارەی ٦ـی ساڵی ٢٠٢٥، یاسای هەمواری یەكەمی پاسپۆرت ژمارە ٢٣ـی ساڵی ٢٠١٥، تایبەت بە پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە سیاسەتمەداران و بەرپرسان بۆ "هەتا هەتایە" یاسایەكی نادەستوورییە.
سكاڵاكارەكان لە سكاڵاكەیاندا داوایان لە دادگای باڵایی فیدراڵی كردبوو بڕیار بدات بە نادەستوریبوونی یاسای ژمارە (٦)ـی ساڵی ٢٠٢٥ـی هەمواری یەكەمی یاسای پاسپۆرت، بەوپێیەی ئەم یاسایە سەرپێچی حوكمەكانی ماددەی (٥٨ و ٦٧ و ٨٠)ـی دەستوور دەكات، داوا دەكەن هەموارەكە هەڵبووەشێندرێتەوە و یاساكە ببرێتەوە دۆخی پێشووی خۆی و دەست بە رێكاری نوێ بكرێت بۆ هەموارێك، كە وەزارەتی دەرەوە و ناوخۆش بەگوێرەی میكانیزمە یاساییە پشتپێبەستراوەكان بەشدار بن تێیدا.
دادگای فیدراڵیش دەڵێت، پێدانی پاسپۆرتی دیبلۆماسی بە سیاسەتمەداران بۆ هەتاهەتایە نادەستوورییە و بەو پێیەش بێت هەمواری یاساکە هەڵدەوەشێنرێتەوە.
