دوای هەڕەشەی حکومەتی هەرێم پۆلیسی ئیتاڵیا چالاکوان ڕەنج پشدەری دەستگیر دەکات
پۆلیسی ئیتاڵیا چالاکوانی بواری کۆچبەرانی کورد ڕەنج پشدەری دەستگیر دەکات.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024)، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری کۆچبەران ڕەنج پشدەری لەلایەن پۆلیسی وڵاتی ئیتاڵیاوە دەستگیردەکرێت و ڕەنج پشدەری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، "لەئێستا لەلایەن پۆلیسی ئیتالیا دەسبەسەرکراوم چونکە شکایەتیان لێکردووم لەسەر کارەکانم".

ڕەنج پشدەری چالاکوانی ناسراوی دۆزی کۆچکردنی کوردان بەرەو یەکێتیی ئەوروپا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیتاڵیا نوقمبوو و نزیکەی 35 سەرنشینی کورد لەم بەلەمە خنکاون لەکاتی هەوڵی کۆچکردنیان بەرەو ئەوروپا.
دوایی بەشی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لیژنەیەک سەردانی ئیتاڵیای کرد بۆ بینینی ڕەوشی ئەو کۆچبەرە کوردانە کە زۆربەیان دانیشتوانی هەرێمی کوردستانن.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە و پێش دەستگیرکردنی چالاکوان ڕەنج پشدەری، کەناڵی کوردستان 24ی سەر بە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند چالاکوان و ڕۆژنامەنوسێکی تۆمەتبار کرد کە هانی خەڵک و گەنجانی هەرێمی کوردستان دەدەن بۆ کۆچکردن و لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی کوردستان 24 لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا، نوێنەری حکومەتی هەرێم ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی کوردی تۆمەتبار کرد بە هاندانی گەنجانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچکردنیان بۆ ئەوروپا و نوێنەری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بەفەرمیی سکاڵای لەسەر ئەو چالاکوانانە کرد بە تۆمەتی هاندانی گەنجان بۆ کۆچکردن.
دوای ئەو چاوپێکەوتنە کە نوێنەری حکومەتی ماوە بۆ درێژکراوەی هەرێم لە ئیتاڵیا تۆمەتی خستەپاڵ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان چالاکوانی بواری کۆچبەران ڕەنج پشدەری لەلایەن پۆلیسی ئیتاڵیاوە دەستگیر دەکرێت.
ڕۆژنامەنووس هەڵگورد عومەر دەڵێت: هەندێک لایەنی پەیوەندیدار و سیخۆڕی حکومەتی هەرێم لەدوای ڕووداوی دەستگیرکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس ڕەنج پشدەری-یین.
شایەنی باسە، هەفتەی رابردوو 70 کۆچبەر لەدوورگەی بۆدروم لە تورکیا بەرەو یۆنان بەرێککەوتن، لە رۆژی سێشەممە ئەو کۆچبەرانە شوێنی جوگرافی بەلەمەکەیان بڵاوکردەوە کە بەسەلامەتی ئاوی یۆنانیان تێپەڕاندووە. رەنج پشدەرى لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ میدیای کوردسات وتی: دوای سێشەممە (11ـی حوزەیرانی 2024) بەلەمەکە دیار نەماوەو رۆژی پێنجشەممە دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی ئیتاڵیا، دەرکەوتووە کە بەلەمەکەیان نوقوم بووەو لە ئەنجامدا 60 کەسیان خنکاون.
راشیگەیاند، لەو ژمارەیە 35 کۆچبەریان کوردی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، ئەوانەی دیکە ئێرانی و ئەفغانین، 10 کەسیش رزگارکراون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون و رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە.
