دوای پێکانێکی درێژخایەن.. میلیتاو دەگەڕێتەوە بۆ مەشقەکانی ڕیال مەدرید
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانی ئیسپانیا ئەمڕۆ چوارشەممە پشتڕاستیانکردەوە کە ئیدر میلیتاو بەرگریکاری بەڕازیلی نزیکە لە گەڕانەوە بۆ مەشقەکانی ڕیاڵ مەدرید.
بەپێی ڕۆژنامەی “ئاس”ی ئیسپانی، میلتاو پێشکەوتنی بەرچاوی لە چاکبونەوەدا بەدەستهێناوە، و چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی پشووەکانی نێودەوڵەتی پەیوەندی بە مەشقەکانی گروپی تیپەکەوە بکات.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "گەڕانەوەی میلیتاو لەم کاتەدا بۆ یاریگاکان چاوەڕوان نەدەکرا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری بەشداریکردنی لە مۆندیالی یانەکاندا، کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت".
بەرگریکارە بەڕازیلییەکە لە کاتی بردنەوەی ڕیاڵ مەدرید بەرامبەر ئۆساسۆنا بە ئەنجامی 4-0 توشی پێکان بوو، ئەمەش گورزێکی گەورە بوو بۆ کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەر، کە ناچار بوو پشت بە ڕائول ئەسینسیۆی بەرگریکاری لاو ببەستێت.
میلیتاو لە ئێستاوە دەستی بە ڕاهێنانی سوک کردووە ، هەروەها پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە توانای جوڵەدا نیشانداوە، ئەمەش ئاسۆی گەڕانەوەی بەم زووانە بۆ پاڵەوانێتییە فەرمییەکان زیاتر دەکات.
