دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار بە پارەی ساختەوە لە راپەڕین
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباریان بە پارەی ساختەوە راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕیندا هاتووە، “دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر، بە بوونی پارەی تەزویر لە مارکێتێکدا، دەستبەجێ دەستکرا بە لێکۆڵینەوه لە رووداوەکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای گەیشتن بە ئەنجام، دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ع.ح.ع) لەدایکبووی ساڵی 2008 و (ع.ف.س) لەدایکبووی ساڵی 1995 دەستگیرکران، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا و بە وتەی خۆیان پارەکەیان، لە دەرەوەی هەرێم هێناوە و ویستوویانە لە بازاڕ، ساغیبکەنەوە.
پۆلیسی راپەڕین وتیشی، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران، دەستگیرا بەسەر یەک ملیۆن و 225 هەزار دیناری عێراقی لە جۆری 25 هەزار دیناری و 700 دۆلاری ئەمریکی لە جۆری 100 دۆلاری.
باسیلەوەشکرد، بە بڕیاری دادوەر، بە ماددەی 281 له یاسای سزادانی عێراقی راگیران و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.
