دەیان هاوڵاتی لە دانیشتوانی پڕۆژەی شاری زەیتوون لە هەولێر گردبوونەوە و داوای خزمەتگوزاری دەکەن
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دەیان هاوڵاتی نیشتەجێی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی زەیتوون لە شاری هەولێر دەستیان بە خۆپشاندان کرد و ڕێگای چوون و هاتنیان بۆ پڕۆژەی زەیتوون لەنزیک شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر داخستووە.
یەکێک لەو هاوڵاتیانەی نیشتەجێی ئەو پڕۆژەیە لە لێدوانێکی میدیایدا گوتوویەتی: "لە ساڵی 2010ەوە خانوێکم لەو پرۆژەیە کڕیوە، بەڵام لەوکاتەی هاتوومەتە شاری زەیتوون ئاو و کارەبامان نییە، خزمەتگوزارییەکان ئەم پڕۆژیە ئاست نزمە، سەرەڕای وەرزی زستان ماوەی حەوت ڕۆژە کارەبان نییە، پێشتر چەندین جار خۆپشاندانمان کردووە بەڵام هیچیان بۆمان نەکرد و پشتگوێیان خستین، شاری زەیتوون هیچ شتێکی بۆ ژیانکردنی نییە".
پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شاری زەیتوون دەکەوێتە دەرەوەی زۆنی شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر و لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە شاری هەولێرە، هەروەها بەشێکی زۆری دانیشتوانی شاری زەیتوون عەرەبن، چەندین ساڵە دانیشتوانی ئەم پڕۆژەیە لەدەست بێ ئاو و کارەبای دەناڵێنن.
