زیاتر لە مانگێک بەسەر ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس و هەواڵساز سلێمان مەحەممەد ئەحمەد تێدەپەڕێت
47 ڕۆژ بەسەر ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس و هەواڵساز سلێمان مەحەممەد ئەحمەد تێدەپەڕێت.
لە ڕۆژی دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە دەروازەی (سێمێلکا - فیشخابوور) کاتێک لە سەردانێکی خێزانی دەگەڕایەوە سلێمانی بۆ شوێنی کارەکەی ڕفێندرا، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری ئاژانسی ڕۆژنیوز سلێمان مەحەممەد ئەحمەد لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا سەردانی خێزانەکەی کرد لە شاری حەلەب لە سوریا، دوای مردنی باوکی مەحەممەد ئەحمەد لە تەمەنی 66 ساڵیدا، لەلایەن خۆیەوە، ئاژانسی ناوبراو لەسەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان دایە".
شايەنی باسە، ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد خەڵکی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە، بەهۆی داگیرکردنی شارەکە لە ساڵی 2018 لەلایەن تورکیاوە، بە ناچاری لەگەڵ خێزانەکەی چوونە پارێزگای حەلەب و لە ڕۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە دەروازەی (سێمێلکا - فیشخابوور) کاتێک لە سەردانێکی خێزانی دەگەڕایەوە سلێمانی بۆ شوێنی کارەکەی ڕفێندرا.
هەردوو ڕێکخراوەی CPJ و RSF کە پەیوەندییان بە مافەکانی ڕۆژنامەنووسانەوە هەیە لەسەر ئاستی جیهانی، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد کرد و ڕەخنەیان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گرت بەهۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەسەر پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین.
