سادیقون: جیاوازی لە ڕوانگە سیاسییەکاندا کارێکی سروشتی و ڕەوایە
ئەمڕۆ یەکشەممە،بزووتنەوەی سادقوون،جەختی کردەوە کە جیاوازی لە ڕوانگە سیاسییەکاندا پرسێکی سروشتی و ڕەوایە.
بزووتنەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، تیایدا هاتووە : لە چوارچێوەی پەرۆشیمان بۆ یەکڕیزیی سیاسی و پاراستنی گوتاری گشتی، بزووتنەوەی سادقوون بەدواداچوونی کردووە بۆ ئەو هەڵوێست و لێدوانانەی لە لایەن هەندێک کەسایەتی و لاپەڕەی سەر بە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بڵاوکراونەتەوە،کە بوونەتە هۆی دروستبوونی مشتومڕێکی فراوان و لە هەندێک ناوەرۆکیاندا لەو چوارچێوە بەرپرسیارانەیە لایانداوە کە سروشتی ئەم قۆناغە و هەستیاریی بارودۆخەکە دەیخوازێت.
بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: جیاوازی لە ڕوانگە سیاسییەکاندا، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە دۆسیەی هەبوونی کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران یان نەبوونی، بە کارێکی سروشتی و ڕەوا لە کاری سیاسیدا دادەنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە سەر پێویستیی مانەوەی ئەم جیاوازییانە لەناو چوارچێوە ئەخلاقی و شەرعییەکاندا و دوورکەوتنەوە لە تۆمەتی بێ بنەما و هەوڵەکانی تێکشکاندنی (تەسقیتی) سیاسی.
بزووتنەوەی سادقوون داوای لە سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کرد هەوڵی زیاتر بدەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گوتارانەی لە لایەن لایەنە سەر بەوانەوە دەردەچێت، بەجۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی پاراستنی یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەهێزکردنی متمانەی نێوان هاوبەشانی پڕۆسەی سیاسی.
لەو چوارچێوەیەدا،بزووتنەوەکە جەختی لەسەر جەماوەر و لایەنگرانی خۆی کردەوە: گرنگە نەکەونە داوی هەوڵەکانی پەرەپێدانی گرژی و ئیستیفزازکردن، و ئاگاداری ئەو لێکەوتە نەرێنییانە بن کە لەوانەیە لە بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەدا بێت کە نایانەوێت عێراق سەقامگیر بێت و هێزە نیشتمانییەکانی یەکگرتوو بن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بزووتنەوەی سادقوون پابەندبوونی خۆی بە دیالۆگی بەرپرسیارانە،و ڕێزگرتن لە فرەیی بۆچونەکان و کاری پێکەوەیی دووپات دەکاتەوە، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکات و یەکڕیزیی هەڵوێستی نیشتمانی لەم قۆناغە هەستیارەدا بپارێزێت.
