سودانی: قهبارهی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا گەیشتوەتە 20 ملیار دۆلار
ئەمڕۆ یەکشەممە"محەمەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیرانی عێراق،جەختیکردەوە کە قهبارهی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ههردوو وڵات 20 ملیار دۆلاری تێپهڕاندوه و دهیانهوێت ئهو ئاڵوگۆڕهش زیاتر بكهن
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران ،لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەزە : "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیران، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی، و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی گەشەپێدانی عێراق، و ژمارەیەک ڕاوێژکار و باڵیۆزی کۆماری تورکیا لە عێراق،پێشوازیی لە کۆمەڵێک بازرگان و سەرۆک و نوێنەری 17 کۆمپانیای تورکی کردووە کە لە بوار و کەرتە جیاوازەکاندا کاردەکەن.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە : لە میانی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕێگاکانی پەرەپێدانی لێکتێگەیشتن و هاوکاری لە کەرتی ئاودا کرا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی گشتیی هاوکاری لە دۆسیەی ئاودا کە لە مانگی ئەیلولی 2024دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆک وەزیران و "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆکی تورکیاوە.
"سودانی " جەختی لە پەرۆشیی حکومەت کردەوە بۆ "پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەیوەندییە تایبەتەی نێوان هەردوو وڵات، کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، بە پشتبەستن بە دید و ویستی سەرکردایەتیی هەردوو وڵات بۆ گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوبەشیی دووقۆڵی، هەروەک دووپاتیشیکردەوە کە دەروازەی ئابووری و وەبەرهێنان و کار، یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی هاوبەشی و پەرەپێدانی پەیوەندی و پتەوکردنی بەستنەوەی بازرگانی و ئابووری.
سەرۆک وەزیران ڕاشیگەیاند : کە حکومەت پەرۆشە بۆ پشتیوانیکردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی کە باشترین ژینگەی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان دابین دەکەن لە سایەی ئەم سەقامگیرییە بەرچاوەدا،و کاردەکات بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان، بەهۆی ئەو ئامادەییە گەورەیەی کە لە عێراقدا هەیانە، لە کاتێکدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات 20 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، لەو روانگەیشەوە "سودانی " ئاماژەی بە بەردەوامی عێراق کرد لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و ئەو دەرفەتانەی کە دەیڕەخسێنێت و هاوبەشیی نێوان عێراق و تورکیا و وڵاتانی تری ناوچەکە بەهێزتر دەکات.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە : لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران لە بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵاتدا دەربڕی و جەختیشی کردەوە کە پەیوەندییەکە تەنها لایەنی سیاسی لەخۆناگرێت، بەڵکو هاوکاریی ئابووری و وەبەرهێنانیش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە عێراقدا دەگرێتەوە.
