سودانی: هاوبەشی لەگەڵ ڕوسیا ستراتیژییە و ڕەفتارەکانی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە جەختیکردەوە لە گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، دووپاتیشی کردەوە کە ئیسرائیل هەڕەشە لە ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی کرد لە ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا سێرگی شۆیگو.
وتیشی لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە پەیوەندییە گشتییەکانی عێراق و ڕووسیا و ڕێگاکانی پەرەپێدان و گەشەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا کرا، لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و گەلی دۆستدا.
سودانی تیشکی خستە سەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە وڵاتانی ئەندامانی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەشدار بن لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتاییهێنان بە شەڕی ناڕەوای سەر غەززە و ئاماژەی بە پراکتیزە و پێشێلکارییەکانی قەوارەی زایۆن کرد، کە نەک هەر ناوچەکە بەڵکوو هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەکات.
لای خۆیەوە سێرگی شۆیگو سڵاوی سەرۆکی ڕووسیای گەیاندە بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جەختی لە بەشداری عێراق کردەوە لە لوتکەی عەرەبی ڕووسیا کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت، هەروەها جەختی لە پەرۆشی و هەوڵەکانی ڕووسیا کرەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.
