سودانی پابەندی حکومەت بە چاودێریکردنی پێکهاتەی ئێزیدی دووپات دەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، دووپاتی کردەوە کە عێراق بەهێزە بەهۆی فرە ڕەنگی پێکهاتە و چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەی کە لەسەر بنەمای یەکێتی نیشتمانی دامەزراوە، هاوکات ئاماژەی بە پابەندی حکومەت کرد بۆ چاودێریکردنی خوشک و برایانی پێکهاتەی ئێزیدی و پێکهاتەکانی تریش.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە, سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە میری ئێزیدیان لە عێراق و جیهان حازم تەحسین بەگ".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە،سودانی جەختی لەوە کردەوە کە "عێراق بەهێزە بەهۆی هەمەجۆریی کۆمەڵگاکەی کە لەسەر بنەمای یەکڕیزی نیشتمانی و پتەوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە دامەزراوە" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "حکومەت پابەندە بە پاراستنی مافەکانی هەموو عێراقییەکان، بەگوێرەی دەستور و یاساک کە یەکسانی و جیاکاری نەکردن و پاراستنی ناسنامەی کولتووری و ئایینی دەستەبەر دەکات".
سودانی ئاماژەی بە "پابەندبوونی حکومەت بە گرنگیدان بە ڕۆڵەکانی پێکهاتەی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە و پاڵپشتیکردنی مافەکانیان و ئاوەدانکردنەوری ناوچەکانیان لەڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژە و دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەتایبەت دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی خاوەندارێتی موڵک و زەوی نیشتەجێبوون بە هاووڵاتیانی ئێزدی، کە ڕژێمی پێشوو بەهۆی سیاسەتە جیاکارییەکانییەوە ڕای گرتبوو".
لای خۆیەوە حازم تەحسین بەگ "پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی پشتیوانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەرامبەر پێکهاتەی ئێزیدی و پابەندبوونی بە دەستەبەرکردنی هەموو مافەکانیان دەربڕی".
