سودانی پێداچوونەوە بە پڕۆژەی بنیاتنانی قوتابخانەکانی سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبردنی سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان دەکات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبردنی سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدانی کرد، و تێیدا پێداچوونەوەیان بە پڕۆژەی بنیاتنانی قوتابخانەکان کرد، کە ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر دارایی کردنی لەلایەن سندوقەکەوە دا.
وتیشی لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دروستکردنی زیاتر لە 1300 قوتابخانە و ڕادەستکردنی زەوی بە کۆمپانیاکانی بنیاتنان کرا، هەروەها باس لە بانگهێشتکردنی کۆمپانیا نوێیەکان کرا بۆ بەشداریکردن لەم پڕۆژە گرنگەدا، ئەمەش ڕێگە بە بوارێکی زیاتر دەدات بۆ کەرتی تایبەت بۆ بەشداریکردن، هەروەها تاوتوێی ئامادەکردنی پابەندە داراییەکان و پلانی دارایی و ئەو شێوازە دروستانە کرا، کە پێویستە کۆمپانیا جێبەجێکارەکان پابەندبن پێیەوە بۆ کارکردن لەگەڵ سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان، و گفتوگۆ لەسەر ڕەشنووسی گەرەنتی سەروەری کرا، کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پێشکەشی سندوقەکە و هەندێک کۆمپانیا کراوە، کە کار لەسەر دروستکردنی قوتابخانە دەکەن.
سودانی فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی کرد پێکهاتبێت لە وەزارەتی دارایی و سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان و ژمارەیەک ڕاوێژکار، بۆ دانانی ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتن لەسەر گەرەنتی سەروەری تایبەت بە پڕۆژەی بنیاتنانی قوتابخانەکان.
