سەرۆك كۆمار: داگیرساندنی مەشخەڵی نەورۆز هێمای قارەمانێتی و رزگار بوونەکوردستان
د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراق، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: "داگیرساندنی مەشخەڵی نەورۆز هێمای قارەمانێتی و رزگاربوون و سەركەوتنی مافە بەسەر ناهەقدا، لەم بۆنەیەشدا داوا لەسەرجەم هێزە سیاسییەكان دەكەین یەكڕیزی نیشتمانی بەهێز بكەن و كۆڵەكەكانی سیستەمی دیموكراسی پتەو بكەن و بەشداری لەبەرەوپێشبردنی پڕۆسەی گەشەپێدان لە وڵاتدا بكەن".
دەقی بەیاننامەكە:
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی گەلی كوردمان و سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عیراق دەكەین و هیوادارین ئەم بۆنە بە چاكە و خۆشی و بەرەكەتەوە بگەڕێتەوە بۆ گەلەكەمان خۆشی باڵ بكێشێ بە سەرتاسەری وڵاتدا .
داگیرساندنی مەشخەڵی نەورۆز هێمای قارەمانێتی و رزگاربوون و تێكۆشان و سەركەوتنی مافە بەسەر ناهەقداو هەروەها مژدەی رۆژێكی نوێ و سەرەتای ساڵی نوێی كوردییە.
لەگەڵ هاتنەوەی جەژنی نەورۆزدا پەیامی نیشتمانی خۆمان دووپات دەكەینەوە و داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەكان دەكەین یەكڕیزی نیشتمانی بەهێز بكەن و كۆڵەكەكانی سیستەمی دیموكراسی پتەو بكەن و پاراستنی ئازادییەكان و مافەكانی مرۆڤ و دەستكەوتەكان و پشتیوانیكردن لە دامەزراوە دەستوورییەكان و دەزگاكانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێكردن بكەنە پێشەنگی كاریان و بەوەش بەشداری لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی گەشەپێدان لە وڵاتدا بكەن.
جارێكی تر نەورۆز پیرۆزە له ئێوەو خەڵكی سەرتاسەری جیهان
هەموو ساڵێك بەخۆشی و شادی بۆ هەموو لایەك
د. لەتیف جەمال رەشید
سەرۆككۆماری عیراق
