سەرۆك کۆمار دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ شانشینی هاشمیی ئوردن گەڕایەوە بەغداد
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، ئەمڕۆ سێشەممە 16-4-2024 دوای کۆتاییهاتنی سەردانە رەسمییەکەی بۆ شانشینی هاشمیی ئوردن، گەڕایەوە بەغدادی پایتەخت.
لە فڕۆکەخانەی مارکا، سەرۆك کۆمار لەلایەن بەشر خەساونە سەرۆك وەزیرانی ئوردن و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتەوە ماڵئاوایی لێکرا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆمار رایگەیاند:-لەمیانی سەردانەکەیدا، سەرۆك کۆمار گفتوگۆی دووقۆڵی و فراوانی لەگەڵ خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم پادشای ئوردن بە ئامادەبوونی شازادەی جێنشین حسێن بن عەبدوڵڵا سازکرد، کە تیشکیان خستەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات، بەشێوەیەك کە ببێتەمایەی بەهێزکردنی رێگاکانی هاوبەشیی ئابوری لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی گەشەپێداندا.
هەروەها سەرۆك کۆمار پێشوازیکرد لە ژمارەیەك لە رۆڵەکانی رەوەندی عێراقی لە ئوردن و جەختیکردەوە لەسەر گرنگیدان بە عێراقییەکانی دەرەوەی وڵات و دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆیان، یەکێکە لە ئەرکە هەرە گرنگەکان، تەنانەت ئەرکە لە پێشینەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەتی عێراقە.
هەر لەو سەردانەدا، سەرۆك کۆمار لەگەڵ بەڕێزان بەشر خەساونە سەرۆك وەزیرانی ئوردن و ئەحمەد ئەلسەفدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فەیسەڵ ئەلفایز سەرۆکی ئەنجومەنی پیران کۆبووەوە.
له میانی دیدارەکاندا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندیی و هاریکارییەکان لە بوارە جیاجیاکان کرا. هەروەها پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە تاووتوێکران و جەختکرایەوە لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
هاوکات سەرۆك کۆمار سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە ئوردن کرد و لە میانەی وتووێژی لەگەڵ ستافی باڵیۆزخانەدا ئاماژەیکرد بە گرنگی ئەو رۆڵە گەورەیەی بە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی عێراق سپێردراوە لە گەیاندنی وێنەی راستەقینە و ئەو پێشکەوتنە گرنگانەی عێراق بەخۆیەوە دەبینێت بەتایبەتی لە بواری سەقامگیریی ئەمنی و هەڵمەتەکانی بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان.
