سەرۆك کۆمار و سەرۆك کۆماری ئێران بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید بەبۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی رەمەزانەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەڕێز ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك کۆماری ئێرانەوە پێگەیشت.
نوسينگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆمار لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:-ئەمڕۆ سێشەممە 9-4-2024 لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو سەرۆك بە بۆنەی جەژنەوە پیرۆزباییان لە یەکتر کرد و سەرۆك کۆمار هیوای سەرکەوتن و تەندروستییەکی باشی بۆ سەرۆك کۆماری ئێران و پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتری بۆ گەلی ئێرانیش خواست.
لە بەرامبەردا سەرۆك ئیبراهیم رەئیسی پیرۆزبایی لە بەڕێز سەرۆك کۆمار کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها ئومێدی بەردەوامیی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی زیاتری بۆ گەلی عێراق خواست.
هەر لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوو سەرۆك باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان کرد و جەختیانکردەوە لەسەر پتەوکردنی هاریکاری لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی دراوسێ.
هەردوو سەرۆك کۆمار باسیان لە دواپێشهاتەکانی ئیقلیمی و پێویستی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان کرد بۆ پەرەپێدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و پێویستی راگرتنی دەستدرێژی بۆسەر غەززە، هەروەك داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە هەنگاوبنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی گەلی فەڵەستین و پشتگیریکردن لە داوا رەواکانیان.
