سەرۆك کۆمار پێشوازی لە ئەمینداری گشتی هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی دەکات
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازی کرد لە ئوسامە نوجێفی ئەمینداری گشتی هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی و وەفدی یاوەری.
نوسينگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:,,لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 5-3-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار جەختی لە بایەخی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان و لایەنە کۆمەڵایەتییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە کاریگەرەکان لەپێناو باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و رەوشی بژێویی هاووڵاتیان.
سەرۆك کۆمار باسی لە دۆخی پارێزگای نەینەوا بەگشتی و شاری موسڵ بەتایبەتی کرد، هەروەها ستایشی سەقامگیریی ئەمنی و بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە و چالاکییە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکانی ناو شارەکە کرد.
لای خۆیەوە ئوسامە نوجەیفی جەختی لە گرنگی هەوڵی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاووڵاتیان بەتایبەت لە پارێزگا ئازادکراوەکان کردەوە، سەرەڕای درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و سودمەندبون لە مافی هاووڵاتیبوون.
