سەرۆكی یەكێتیی و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغدا كۆبوونەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغدا كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکی یەکێتیی، هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت، سەروەریی خاكی عێراق و پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە گفتوگۆی لەبارەوەكرا و هەماهەنگی بەردەوامیی نێوان لایەنەكان بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێم جەختیلێكرایەوە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ئەمنی و لێكەوتەكانی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت رایگەیاند: "دەستبردن بۆ دامەزراوە سەربازی، یاسایی و دەستوورییەكان پێشهاتێكی مەترسیدارە و پێویستە هەموومان پێكەوە ڕووبەڕووی ببینەوە، نابێت ڕێگەبدرێت لەژێر هیچ پاساوێكدا سنووری وڵات ببەزێنرێت".
لەبارەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەشەوە بافڵ تاڵەبانی وتی: "یەكدەنگی و یەكگرتووییمان بەرامبەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانییە و پێویستە هەموومان پشتیوانیی لێبكەین"، وتیشی: "تێكەڵكردنی هەڵەبجە بە كێشە سیاسییەكانەوە مایەی نیگەرانییە، چونكە ئەم پرسە پەیوەستە بە ویژدان و بەرپرسیارێتیمانەوە".
