سەرۆک وەزیران: سەرکەوتوو بووین لە دەستپێکردن و هاندانی گفتوگۆکان، دیارترینیان لە نێوان سعودیە و ئێران بوو
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ شەممە، ڕایگەیاند، حکومەتەکەی بە سەرکەوتوویی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەواو کردووە و بەرەو پەیوەندی دوو قۆڵی لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار هەنگاوی ناوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە لەژێر هەلومەرجێکی سیاسی ئاڵۆزدا هاتووە.
ئەمەش لەکاتی ئامادەبوونی لە چالاکییەکانی حەوتەمین کۆنفرانسی دیالۆگی نێودەوڵەتی بەغدا بوو، کە تیایدا ئاماژەی بە سەرکەوتنی عێراق کرد لە دەستپێکردن و هاندانی گفتوگۆی کاریگەر، دیارترینیان گفتوگۆی نێوان شانشینی سعودیە و کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.
سودانی دووپاتی کردەوە کە حکومەتی عێراق پاڵپشتی بەردەوامی خۆی بۆ دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا نوێ دەکاتەوە، ڕوونیشیکردەوە، گفتوگۆ ئەو ڕێبازەیە کە حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان گرتوویەتیەبەر، هەروەها حکومەت ئاگاداری قەبارەی ئەو ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییە ناوخۆیی و دەرەکیانەیە کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
ئەلسودانی ئاماژەی بەوەدا، پابەندبوون بە سیاسەتی هاوسەنگی تەحەددایەکی قورسە، بەو پێیەی حکومەت مامەڵەی لەگەڵ چەندین موزایەدە و پێشنیاری ناواقیعی کرد، جەختیشی لەوە کردەوە کە عێراق ڕێبازێکی هاوسەنگی لە هەڵوێستە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکانیدا پاراستووە.
هەروەها ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی بە گرنگ وەسف کرد لە پێناسەکردنی چەمکەکانی مافی ژیان و بوونی گەلی فەلەستین و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پابەندە بە هەڵوێستە پتەوەکانی و پشتیوانی لە مافی مێژوویی فەلەستین.
سەبارەت بە ڕێڕەوی گەشەپێدان، ئەلسودانی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییە گەورەکانی، وەک پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” کە بەرزکەرەوەیەکی ئابوورییە و ئامانجی پتەوکردنی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی عێراقە.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگی یەکگرتنی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆست کرد، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم یەکگرتنە تەنیا دروشم نییە، بەڵکو بەشێکی جەوهەرییە لە چارەسەرە ئابووری و گەشەپێدانەکان، هانی بەردەوامی ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و دیالۆگ بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری هاوبەشیشی دا.
