سەرۆک وەزیران: عێراق ئەمڕۆ نوێنەرایەتی ئەزموونێکی بێهاوتا دەکات لە ناوچەکەدا
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی ئەمڕۆ پێنجشەممە،دووپاتیکردەوە عێراق ئەمڕۆ نوێنەرایەتی ئەزموونێکی بێهاوتا دەکات لە ناوچەکەدا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی چیک خاتوو مارکتا پیکارۆڤا کۆبووەوە، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ کۆماری چیک.
هەردوولا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکیان کرد کە لە بارەگای پەرلەمانی چیک بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی بەڕێوەچوو، و بریتیبوو لە تاوتوێکردنی پتەوکردنی پەیوەندییە مێژووییە دووقۆڵییەکان، کە بۆ ماوەی زیاتر لە نەوەد ساڵ دەگەڕێتەوە و جەختکرایەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە ژێر ڕۆشنایی ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنانەی کە واژۆکراوە، و ئاسۆی نوێ بۆ هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە.
سودانی ئاماژەی بەوەکرد کە سەردانەکەی بۆ کۆماری چیک لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاریکارییەکاندایە و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی چیک دەربڕی لەپشتیوانیکردنی عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکان بەرەو قۆناغێکی گشتگیرتر ببەن، بۆ پەرەپێدانی هاوکاری لە بوارە جیاجیاکاندا، و ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق ئەمڕۆ نوێنەرایەتی ئەزموونێکی بێهاوتا دەکات لە ناوچەکەدا، بەهۆی ئەو سەرمایە و سەروەت و سامانەی کە هەیەتی، جگە لە ڕۆڵی سەرەکی لە سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیریدا.
لە لای خۆیەوە خاتوو مارکتا پیکارۆڤا خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی هاوبەشی لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیریی عێراق گەرەنتی سەقامگیرییە لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
