سەرۆک وەزیران فەرمانی کرد بە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گشتی بۆ ئابووری کاربۆن
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد لەسەر دەردانی کاربۆن بە ئامادەبوونی هەریەک لە وەزیرانی نەوت و کارەبا و ژینگە و ڕاوێژکارانی وزە و پسپۆڕانی ئەم کەرتە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:"" سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کرد بە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گشتی بۆ ئابووری کاربۆنی سەر بە وەزارەتی ژینگە و هەروەها رێنمایی دا بە ڕێکخستنی گرێبەستەکانی وزە بە شێوەیەک لەگەڵ ڕێبازی حکومەتدا بگونجێت بۆ لایەنی کەشوهەوا و ئەو گۆڕانکارییانەی کە تێیدا ڕوودەدات، وە هاوتا بێت لەگەڵ پابەندبوونەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە بەهۆی چالاکییە زیانبەخشەکانی بەدەردانی کاربۆنەوە ڕوودەدەن".
ئاماژەی بەوەکرد"سودانى وەزارەتی ژینگەی ڕاسپارد کە وەزارەتەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پابەند بکات بە ڕێنماییە دیاریکراوەکانی پەیوەست بە دەردانی کاربۆن و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێنماییانە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە".
