سەرۆک وەزیران و وەزیری کشتوکاڵی هەرێم تاوتوێی بارودۆخی بەنداوە ئاوییەکانیان کرد
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، پێشوازی کرد لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بێگەرد تاڵەبانی و تاوتوێی بارودۆخی بەنداوە ئاوییەکانیان کرد .
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:- لە میانەی دیدارەکەدا بەدواداچوونیان کرد بۆ دۆسیەکانی کشتوکاڵ لە سەرانسەری عێراق و ئەوانەی پەیوەستن بە وەرزی کشتوکاڵ و وەرزی بەبازاڕکردن بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئەو بڕانەی دیاری کراون بۆ وەرگرتن لەگەڵ چۆنیەتی لەخۆگرتنی ئەو ڕووبەرە زیادانەی کە چێنراون بە گەنم بۆ ئەمساڵ، لە پارێزگاکانی هەرێم و تەواوی عێراق.
هەر لە دیدارەکەدا تاوتوێی بارودۆخی بەنداوە ئاوییەکان کرا، لەوانە چوار بەنداوە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان و گرنگی دابینکردنی پێداویستییەکانی نۆژەنکردنەوە و بەردەوامی پاراستنی تواناکانی عەمبارکردنیان لەگەڵ توانای پشتیوانیکردنی جوتیارانی هەرێم بە میکانیزمە کشتوکاڵییە مۆدێرنەکان و تەکنیکە تەکنۆلۆژییەکان کە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی ئاسان دەکات و ئاستەکانی بەرز دەکاتەوە.
سودانی بۆ ئامادەبووان جەختی کردەوە لەسەر گرنگی پشتیوانیکردنی کۆڵەکەکانی ئاسایشی خۆراک کە گرنگێکەی کەمتر نییە لە لایەنەکانی تری ئاسایشی نیشتیمانی و ئاماژەی بە بارانبارینی بەخوڕ کرد بۆ ئەم وەرزە کە ڕێگەی بە کشتوکاڵکردنی ناوچەی فراون دا بە بەروبوومی ئابووری ستراتیژی لە سەرانسەری عێراقدا.
هەروەها سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ڕێکارە جۆراوجۆرەکانی حکومەت کرد کە ئاسانکاری کردووە بۆ وەرگرتنی دانەوێڵە و خێرایی پارەدان و بەشداری کردووە لە زیادکردنی کۆگای نیشتمانی دانەوێڵەی گەنم و بەدەستهێنانی زیادە، هەروەها ڕوونیکردەوە کە لیژنە هاوبەشەکان بڕی وەرگرتنی گەنم لە هەرێم دیاری دەکەن، جگە لە ڕاسپاردنی تیمێکی تایبەتمەند لە وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون بۆ بارودۆخی بەنداوەکان و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانیان بە شێوەیەکی گونجاو.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە پەرەپێدانی کشتوکاڵ بەگوێرەی بەڕێوەبردنی گونجاو بۆ سەرچاوەکانی ئاو یەکێکە لە ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت و ڕێچکەیەکە لە ڕێچکەکانی چاکسازی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوە نا نەوتییەکانی عێراق و حکومەت بەردەوامە لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.
