سەرۆک وەزیران پێشوازی دەکات لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی کرد لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق بەڕێز پاتریک دۆرێڵ.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە
لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی سەرجەم پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی بەهێزکردن و فراوانکردنی هاریکارییەکان کرا، لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری و گەشەپێداندا.
سودانی ئاماژەی بە کراوەیی عێراق کرد بەڕووی هاوبەشییە بەرهەمدارەکان لەگەڵ کۆمپانیا فەڕەنسییەکاندا، بەتایبەتی لە بواری بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و پتەوکردنی تواناکانی بەرگری هێزە چەکدارەکانمان و هەماهەنگی لە بواری نوێکردنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی لە ڕێگەی گرێبەستەکانەوە کە گرنگترینیان گرێبەستی کۆمپانیای تالیسی فەڕەنسییە.
هەروەها سودانی باسی لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەردەوامبوونی هێرشەکانی سەر غەزە و گرنگی چالاککردنی ڕۆڵی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕێگەگرتن لەو کۆمەڵکوژییەی کە دژی گەلی فەلەستینیمان ئەنجام دەدرێت و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی زیاتر دژی هاوڵاتیانی سڤیل، ئەمەش هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی ناکۆکی و ئاژاوەی زیاتر لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
