سەرۆک وەزیران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێدەگات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، ئەمڕۆ یەکشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس پێگەیشت، کە تیایدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و لایەنەکانی هاریکاری لە بوارە جۆراوجۆرەکان و بەرنامە جیاوازەکاندا کرا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان هەیە و ئەرکەکانی برەودان و بەڕێوەبردنی ئاو، هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە باس لە پەیامەکەی عێراق کرا سەبارەت بە کاتی کۆتایی هێنان بە کارەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق / یونامی و کاتەکانی کەمکردنەوەی ئاستی کارمەندانی نێردەکە و ڕێگاکانی هەماهەنگی دوولایەنە لەم ڕێگایەدا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوەلە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سودانی پێزانینی حکومەتی بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەکەی لە عێراق دەربڕی و ستایشی بەرنامە و بەشدارییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کرد لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا و هاوسەنگبوونی لەگەڵ ئەو ئاستەنگیانەی کە ڕووبەڕووی گەلی عێراقمان بووەتەوە لەسەر ئاستە جیاجیاکان و هاوکارییان پێشکەش بە گەلەکەمان کرد لە ڕێگای بنیاتنانی دیموکراسی و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بوژانەوە لە کاریگەرییەکانی تیرۆر و دیکتاتۆرییەت.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی بارودۆخی غەزە و دەرئەنجامەکانی بەردەوامبوونی دوژمنکاری دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی بێچەک کرا، کە ڕووبەڕووی تاوانی جینۆساید دەبنەوە، هەروەها بەڕێز سودانی بۆ ئەمینداری گشتی دووپاتی کردەوە کە پێویستە زلهێزەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەرکی مرۆیی و ئەخلاقی و یاسایی خۆیان بگرنە ئەستۆ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و پاراستنی گەلی فەڵەستین و دەستەبەرکردنی مافە مێژووییەکانیان.
