سەرۆک وەزیران چەند ڕاسپاردەیەکی بەپەلە دەردەکات
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران ڕێنوێنیدا بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی گشتگیر بۆ پتەوکردنی ئاستی وەڵامدانەوەی بەرگری شارستانی، و ئامادەباشیی تەواوی دامەزراوەو شوێنە گشتیی، وپڕۆژە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو لایەنەکانی سەلامەتی گشتی.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران،سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پارێزگارەکانی کرد، بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان، بۆ تاوتوێکردنی ڕێوشوێنی سەلامەتی گشتی و بەرگری شارستانی لە دامودەزگا و شوێنە گشتییەکان.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران جەختی لە پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەر کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە نەخوازراوەکان و ئاگرکەوتنەوە لە شوێنە بازرگانییەکان و چالاکییە ئابوورییەکان. ئاماژەی بەوەشکرد، یاسای بەرگری شارستانی میکانیزمی ڕوونی داناوە و ئەرک و سپاردە و دەسەڵاتەکانی دیاریکردووە، ئەمە جگە لەو هەموارکردنانەی کە وەزارەتی ناوخۆ لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٣دا پێشکەشی کردووە، کە تا ئێستاش لە پەرلەمان ماوەتەوە.
بەڕێز سودانی ئاماژەی بە پێویستی دەربڕینی وەڵامدانەوەیەکی خێرا و پلان بۆ دارێژراو و پێشوەختە ئامادەکراو کرد کە ئەمەش تەنها بەئامادەبوونی کاربەدەستان لە مەیدانەکەدا بەدی دێت.
سەرۆک وەزیران پارێزگارەکانی ڕاسپارد کە کاری لیژنەکانی بەرگری شارستانی لە پارێزگاکان لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن و ڕێکارەکانی سەلامەتی بە هەموو وردەکاریەکانیانەوە جێبەجێ بکەن و ڕێگری لە پێشێلکارییە ئاشکراکان بکەن کە بووەتە هۆی لەدەستدانی گیانی بێتاوانەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پارێزگار بەرپرسیاری جێبەجێکاری سەرەکییە.
