سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پایتەختی ڕوسیا
سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سودانی بەیانی ڕۆژی سێشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی کرێملن ڕایگەیاند، کە سەرۆک ڤلادیمێر پوتن ڕۆژی سێشەممە لە کرێملن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق مەحەممەد سودانی کۆدەبێتەوە، هەر بەگوێرەی بەیاننامەکەی نوسینگەی ڕۆژنامەوانیەکە، سەرۆکی ڕوسیا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکارییەکانی نێوان ڕوسیا و عێراق دەکات.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی "تاس"ـی ڕوسی بڵاویکردۆتەوە هاتووە، "لە دەی تشرینی یەکەمدا گفتوگۆکان لە کرێملن لە نێوان سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆک وەزیرانی کۆماری عێراق مەحەممەد شەیاع سودانی بەڕێوەدەچێت"، لە ماوەی پرۆسەکەدا، پرسەکانی پەرەپێدانی هەماهەنگی فرەڕەهەندی نێوان ڕوسیا و عێراق و هەروەها بابەتەکانی ئێستا لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتگیر لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.
