سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی درێژەدان بە هەوڵە ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، جەختیکردەوە لە پێویستی درێژەدان بە هەوڵە ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، پێشوازیکرد لە فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.
وتیشی لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-2-2025 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو ، پەرەسەندنی سیاسی و ئەمنی لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و ئیقلیمی تاوتوێ کرا و سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی درێژەدان بە هەوڵە ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پاراستنی ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و سیاسییە کە لە ئێستادا عێراق بەخۆیەوە دەبینێ و کارکردن بۆ چەسپاندنی ئەو سەقامگیرییە بە شێوەیەک کە هەنگاونان بەرەو پێشەوە لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و هەوڵەکان و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری مسۆگەر بکات ، لە هەمان کاتدا ستایشی قوربانییە گەورەکانی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد شانبەشانی براکانیان لە تەواوی هێز و پێکهاتە ئەمنی و سەربازییەکان لە بەرگریکردن لە عێراق و گەلەکەی.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا، بەتایبەتی پێشهاتەکانی فەلەستین و ئەو گۆڕانکاریانەی لە سوریا ڕوودەدەن و هەڵوێستی عێراق لەبارەیانەوە، کە تیایدا جەخت لەسەر پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرایەوە بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەش بەدەستبهێنێت.
