سەرۆک کۆمار وسەرۆک وەزیران جەخت لەسەر گرنگی بایەخدان بە ئاسایش و سەلامەتی نیشتمان و هاووڵاتیانی دەکەنەوە
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆمار، بارودۆخی گشتی وڵاتەکەیان تاوتوێ کرد. هەردوولا جەختیانکردەوە لە سەروەری عێراق و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ سەرۆک کۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید کۆبووەوە، و تێیدا تاوتوێی بارودۆخی گشتی وڵات و گرنگی پاراستنی سەروەری عێراق و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت کرا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگە جۆراوجۆرانەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت، جگە لە پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی توندی ئەو پێشێلکارییانەی، کە ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان دەکەنە ئامانج.
وتیشی هەروەها پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی هاوکاری نێوان سەرۆکایەتییەکان کرا، بە مەبەستی پەرەپێدانی کاری دامودەزگاکانی حکومەت و پێشخستنی کەرتە سەرەکییە جیاوازەکان و باشترکردنی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆسیە کارگێڕی و داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە چارەسەرەکان بە پێی چوارچێوە دەستووری و یاساییە کارپێکراوەکان بێت، بۆ ئەوەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی بەردەوام بەدی بهێنێت، ئەمەش جگە لە جەخت کردنەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی هەڵوێست و دیدگاکان لە نێوان هەموو هێز و لایەنە نیشتمانییەکان و پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرا، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە وادەی دیاری کراوی خۆییدا و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی بەکارنەهێنانی سەرچاوە مرۆیی و ماددییەکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی هەڵبژاردن، هەروەها قەدەغەکردنی قۆستنەوەی پۆستە حکومییەکان بۆ کاریگەریکردن لەسەر ئیرادەی دەنگدەران، بەشێوەیەک بەشدار بێت لە بەهێزکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە پرۆسەی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی پاکی هەڵبژاردنەکان و بەشداری کردنی چالاکانە تيیدا، بۆ ئەوەی ئەنجامەکان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینە و خواستەکانی گەلی عێراق و پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی وڵات بێت.
