سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ئەنجام دا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەنجام دا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی بابەتە ھەرێمیی و جیھانییەکانی کراوە، بەتایبەتی جەنگی ئۆکراینا-ڕووسیا.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردوە کە تورکیا ھەوڵی چڕ دەدات بۆ ڕاگرتنی ئەو خوێنەی لە خاکی ئۆکراینا و فەڵەستیندا دەڕژێت و، دەستەبەرکردنی ئاشتیی درێژخایەن و، تورکیا ئامادەی گرتنەئەستۆی کارئاسانییە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتیی لە ئۆکراینا و میوانداری کۆبوونەوەکانی ئاشتیی.
ئەردۆغان باسی لەوەش کردوە کە سەرلەنوێ خستنەوەکاری ڕێڕەوی گواستنەوەی دانەوێڵە گرنگە، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەبن لەسەر دیدارە دیپلۆماسییەکانیان.
ھەروەھا سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات ئاگربەست لە ئۆکراینا فەراھم و دەرگای ئاشتی بکرێتەوە.
