سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شیاع سودانی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشت لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاوە ئەنتۆنی بلینکن کە تیایدا ژمارەیەک بابەت و دۆسیە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا خرایەڕوو لەگەڵ چۆنیەتی بەهێزکردنیان و گرنگترین پێشهاتەکانی سەر هەردوو گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سودانی جەختی لە پەرۆشی عێراق کردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندی هاوبەشی و هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برادا و کارکردن بەیەکەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و ئەمنی و کەشوهەواکان بە شێوەیەک کە پشتیوانی لە هەوڵەکان بکات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە.
هەروەها سودانی پابەندبوونی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و ڕاوێژکاران و جەختیشی لە توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە ڕاونانی ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر نێردە دیپلۆماسییەکان بەبێ دەستێوەردانی هیچ لایەنێکی دەرەکی.
لە لای خۆیەوە، وەزیر بلینکن ئاماژەی بە بەردەوامی کارکردنی هاوبەش و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد و پێشوازی لە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق کرد بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەو باڵیۆزخانانەی کە لە عێراق کاردەکەن لەگەڵ ڕاونانی ئەو لایەنانەی کە لەپشت هێرشەکانەوە دەوەستن.
