شاخەوان عەبدوڵا: پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین دەکەین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەكەیان
ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران شاخەوان عەبدوڵا، پشتگیری و پشتیوانی بۆ گەلی فەڵەستین و دامەزراندنی دەوڵەتەكەیان لەسەر خاكەكەیان دووپاتكردەوە. نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ گەلی فەڵەستین كە دەكەوێتە ٢٩ی ئەم مانگە، شاخەوان عەبدوڵا داوای لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هەموو ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەكان كرد كە لەگەڵ فەڵەستینییەكان بوەستن و ڕێگری لە تاوانكاری بەرامبەریان بكەن. بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیە، عەبدوڵا ڕایگەیاندووە: ئێمە پشتگیری و پشتیوانی خۆمان دووپاتدەكەینەوە بۆ گەلی فەڵەستین و دامەزراندنی دەوڵەتەكەیان لەسەر خاكی خۆیان، هەروەها بۆ ڕاگرتنی تاوان و هێرشەكانی زایۆنیەكان بۆ سەر گەلەكەمان لە كەرتی غەززە، و پێویستی گەیاندنی هاوكاری مرۆیی و خۆراكی بەپەلە بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی ڕۆژانەیان و ئەو زیان و وێرانكارییەی كە بەسەریاندا هاتووە.
