شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ بەدواداچوون لەسەر مووچە سەردانی بەغداد دەکەن
بڕیارە بەیانی یەکشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان، بۆ پرسی مووچە و بودجە سەردانی بەغداد بکەن، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیران لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، "دانیشتنەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت".
شایەنی باسە، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 761 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 10 بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم نارد، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوو مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکەی حکومەتی هەرێم کە سەردانی بەغداد دەکەن پێکهاتوون لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لەگەڵ ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی.
