شیعەکان شەڕی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی دەکەن
کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، شیعەکان شەڕی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی دەکەن کە ڕێگا بە هاوسەرگیری پێشوەختە دەدات و دادگاگان بەلاوە دەنێت و دەسەڵات دەدات بە مەلا و سەیدی حوسەینییە و مزگەوتەکان، ئەوکات دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بڕیار بدەن کچەکە 'بلوغ' بووە یاخود نا بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری.
وتیشی: ڕاستە یاسای باری کەسێتی عێراق کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1959، بەڵام لە ئێستادا هیچ گرفتێکی تێدا نیە، چونکە هەر یاسایەک داوای هەمواری دەکرێتەوە، دەبێت باشتر بکرێت و بەرگێکی نوێی بە بەردا کرابێت نەک بەرەو دواوەی ببات، لە ڕاستیدا ئەم هەموارە عێراق بەرەو دواوە دەبات و تووشی ئیحراجبوونێکی گەورەی نێوخۆیی و دەرەکیشی دەکات، چونکە تەمەنی شووکردنی بۆ کچان بە شێوەیەکی لاستیکی دانراوە، دەتوانرێت بە ئاسانی لە مزگەوت و حوسەینییەکان یاری پێبکریت و تەمەنەکەی دیارینەکردووە و دەڵێت تەمەنی پێگەشتن، بۆیە دەکرێت لە تەمەنی نۆ ساڵ بۆ سەرەوە ئەو کچە بدرێت بە شوو.
بەشێک لە پەرلەمانتار و فراکسیۆنەکانی شیعە بەتایبەت ئیتاری تەنسیقی پشتیوانی لە هەموارەکە دەکەن و لایەنە شیعەکان دەتوانن تێیپەڕێنن، چونکە زۆرینەن و لە هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی سوننە هەتا دەنگ بەو یاسایە بدەن و بۆ ئەوەش تا ڕادەیەک سازشیان کردووە بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی، بەڵام بۆ شیعە دەنگدان بەو هەموارە تووشی ئیحراجبوونیان دەکات لەلای شەقامی شیعی.
کاروان یاروەیس دەشڵیت: هەمواری یاسای باری کەسێتی بە دڵنیاییەوە تێدەپەڕێنرێت، بەڵام گەر هەموار کرایەوە کوردستان دەتوانێت کاری پێنەکات، ئەوەی دەکرێت ستەمێکی گەورەیە لە کچانی عێراق دەکرێت و پێویستە ڕێگا نەدرێت بە تێپەڕاندنی، چونکە دواجار دەیان کێشەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کچانە دروست دەبێت کە هاوسەرگیری پێشوەختە دەکەن و کورد بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم هەموارەدا نیە.
