عێراق وئوردن لەبارەی لوبنان وغەززە وناوچەکە گفتوگۆ دەکەن
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و شا عەبدوڵڵای دووەمی پادشای ئوردن، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختیان لەسەر پێویستی ڕاگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و چەسپاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان کردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووه بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی،گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شای ئوردن شا عەبدوڵڵای دووەم بن ئەلحوسێن ئەنجامدا و تێیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتە ناوچەی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کرد.
وتیشی هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جۆراوجۆرەکان و چۆنیەتی پەرەپێدانیان خرانەڕوو، جگە لە تاوتوێ کردنی پەرەپێدانی هاوکاری هاوبەش لە ئاستە جیاوازەکاندا.
لە بەشێکی تری پەیوەندییەکەدا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە و ڕێگەدان بە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و پتەوکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە لوبنان و یەکخستنی هەوڵەکان لەگەڵ هەموو وڵاتاندا، بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
