عێراق پابەندبوونی خۆی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دووپات دەکاتەوە و یادی سەرکەوتنەکانی لە دژی داعش وەبیر دەهێنێتەوە
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا هەنگاوی بەرچاوی ناوە بۆ بەهێزکردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە
کەرتە جیاجیاکاندا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە جیهان لە دەی کانوونی دووەمی 2025، یادی 77 ساڵەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە، ئەو بەڵگەنامەیەی کە مافە زەوتنەکراوەکانی چەسپاندووە و و کۆی کردۆتەوە بۆ ئەوەی ببێتە بناغەیەک بۆ هەموو ئامرازە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.
وتیشی هەروەها ئەم ڕۆژە بۆنەیەکە بۆ هاودەنگی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر پێشێلکارییە قورسەکانی مافەکانی مرۆڤ لە هەر شوێنێکی گۆی زەوی.
ڕوونیشیکردەوە لەسەر بنەمای پابەندبوونی پتەوی حکومەتەکەمان بۆ بەهێزکردنی سیستمی مافی مرۆڤی جیهانی و بەرزڕاگرتنی بنەماکانی دادپەروەری و شکۆمەنی مرۆڤ، کە لەلایەن ئایینە ئیلاهییەکانەوە دووپات کراونەتەوە و لە دەستووری عێراق لە بەشی دووەم (ماف و ئازادییەکان)دا هاتووە، پابەندبوونی خۆمان بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافانە و بەرزکردنەوەی پاراستنیان و بەرگریکردن لێیان دووپاتدەکەینەوە.
ئاماژەیشیدا ئاهەنگگێڕانمان بۆ ئەم بۆنەیە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر چەتەکانی تیرۆریستی داعش و کۆتایی هاتنی کۆنترۆڵکردنیان بەسەر ژمارەیەک شاری عێراقدا، کە بە هەوڵی یەکگرتووی گەلی عێراق و هێزە چەکدارەکانمان لە هەموو پێکهاتەکانیاندا بەدەست هاتوون.
ئەوەیشی خستەڕووحکوومەتی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا هەنگاوی بەرچاوی ناوە بۆ بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە بوارە جیاجیاکاندا، لەوانە: ڕێکخستنی هەڵبژاردنی سەرکەوتوو بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان و باشترکردنی بارودۆخی زیندانەکان و فراوانکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی و پاڵپشتیکردن و قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووانی تیرۆر لە هەموو پێکهاتەکان، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
دووپاتیشیکردەوە ڕۆڵی مرۆیی حکومەتەکەمان درێژ بووەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانمان، بە پێشکەشکردنی هاوکاریی بەپەلە بۆ خوشک و براکانمان کە بەدەست ئەو شەڕە تاوانکارییانەی کە هێزەکانی داگیرکەر لە کەرتی غەززە و لوبنان بەڕێوەیان بردووە و پێشوازی کردن لە ئاوارەکان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق و پێشکەشکردنی پاڵپشتی ماددی و پزیشکی بۆیان، بەمەش پابەندبوونی بێوچانی عێراق لە سەرخستنی پرسە دادپەروەرانەکان دووپات دەکاتەوە.
لەکۆتایی پەیامەکەدا هاتووە ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ نوێنەرایەتی پەیامێک دەکات بۆ بەرجەستەکردنی بنەماکانی ئەو مافانە کە ڕاستن، بۆ بەهێزکردنی ڕۆحی هاووڵاتیبوون و پاراستنی شکۆی مرۆڤ، ئەمەش بۆنەیەکە کە ئیرادەمان بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلە بەڕێزەکەمان و پاراستنی شکۆی هاووڵاتی عێراقی لە هەموو بوار و شوێنێکدا بەهێزتر دەکات.
