عێراقچی: بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تاوانێکی جەنگی پێکدەهێنێت
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل "خیانەت بو لە هەوڵە دیبلۆماسیەكان" و ئەوان كاریان بۆ ئەنجامدانی گەڕێكی نوێی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا دەكرد، دەشڵێت، بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "تاوانێکی جەنگی" پێکدەهێنێت و بەهەمو هێزیانەوە بەرگری لە خۆیان دەكەن.
عەباس عێراقچی، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان لە بەردەم ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان لە جنێڤ ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، "تاوانی جەنگی" پێکدەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، "هێرشەکەی ئیسرائیل خیانەتێکە لەو هەوڵە دیپلۆماسیانەی لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەدەچون. ئیسرائیل هێرشیکردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانمان لەکاتێکدا لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدان".
وەزیری بەرگری ئێران باسی لەوەشكرد، وڵاتەكەی سورە لەسەر بەرگری كردن لە خۆی و بە هەمو هێزیانەوە داکۆکی لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریەكەی دەکەن.
ئەوەشیخستەڕو، بڕیار بو لە 15ـی (حوزەیران/6) لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆببنەوە بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی زۆر ئومێدبەخش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان. بەڵام ئەوان ئێستا توشی کردەوەی ناڕەوا و شەڕانگێز دەبنەوە، ناتوانن ڕێگە بە ئیسرائیل و لایەنگرانی بدەن شتەکان پێچەوانە بکەنەوە.
پاشان وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بارەگایەکی لە جنێڤ، کە بڕیارە لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکانی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی وڵاتەکەی وتوێژ بکات.
