لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە دوبەی دەست پێدەکات
یەکەم ڕۆژی لوتکەی جیهانی حکومەتەکان ٢٠٢٥ ڕۆژی سێشەممە لە دوبەی پایتەختی ئیمارات بە دروشمی “پێشبینیکردنی حکومەتەکانی داهاتوو” دەستی پێکرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیمارات بڵاویکردەوە، لوتکەکە تا ١٤ی شوبات لە دوبەی بەردەوام دەبێت، هەروەها شایەتحاڵی "بەشدارییەکی پێوانەیی" سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و دامەزراوە جیهانییەکان دەبێت، جگە لە کۆمەڵێک ڕێبەری فیکری و پسپۆڕی جیهانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە لوتکەکەدا تاوتوێی دیارترین ڕەوتەکانی داهاتوو لە کاری حکومەت و کەرتە گرنگەکاندا دەکرێت، لەنێویاندا دانیشتنی "حکومەتەکان لە سەردەمی زیرەکی دەستکرددا".
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە لوتکەکەدا 30 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت و 140 شاندی حکومەت و 400 وەزیر و 6 هەزار بەشداربوو و 200 دانیشتنی گفتوگۆ و 80 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و دامەزراوە جیهانییەکان بەشداری دەکەن.
بەشداربووانی دیار لە ڕۆژی یەکەمدا بریتین لە بەڕێوەبەری کارگێڕی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، کریستالینا جۆرجیڤا، سەرۆکوەزیرانی کوێت، شێخ ئەحمەد عەبدوڵڵا ئەلئەحمەد ئەلسەباح، هاوتا پاکستانییەکەی، شەهباز شەریف، جگە لە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس، تێسلا و ئێکس.
