لەسەر دۆسیەی ئیدریسی نانەوا؛ دەستەی مافی مرۆڤ لەگەڵ ئاسایشی هەولێر کۆبوەوە
دەستەی سەبەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سەردانی بەرێوەبەری ئاسایشی هەولێریان کردوە و لەبارەی دۆسیەی ئیدریس مەسعود ئەو کاسبکارەی لە دوای بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێک دەستگیرکرا گفتوگۆیان کرد.
دەستەی سەبەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی باڵای دەستە کە پێکهاتبون لە مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و فەیزوڵا محمدی ڕاوێژکاری دەستەکە، سەردانی ئاسایشی هەولێریان کرد و لەگەڵ بارزان قەساب بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر کۆبونەوە بۆ مەبەستی بەدواداچون بۆ كەیسی هاوڵاتی (ئیدریس مەسعود) كە لە ڕۆژانی ڕابردو بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایی و قسەکردن لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرابو.
ئاماژە بەوەشکراوە، شاندی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەختیان لەوە كردەوە كە پابەندی تەواوی بنەماكانی دەستور و ئەو یاسا بەركارانەن كە ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ دەگرن و دەیپارێزن و ڕێگەش بەوە نادەن كە بەدەر لە پەیڕەوكردنی ڕێوشوێنە یاساییە كارپێكراوەكان هیچ كەسێك دەستگیر بكرێت .
ئەوەشخراوەتەڕو، لە ئێستا و ئایندەشدا بەدواداچونی جدییان دەبێت بۆ هەر پێشێلكارییەكی لەو جۆرە جا هەر كەس و لایەنێك ئەنجامی بدات، لەوەشیاندا بێلایەنی و سەربەخۆیی و پیشەیی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ هەمو لایەك دەسەلمێنین.
لە راگەیەنراوی دەستەی مافی مرۆڤ باس لەوەشکراوە، پێویستە هەمو لایەكیش ئەو ڕاستییە بزانن كە كاری پیشەیی ئەوان چاودێرییە نەوەك جێبەجێكردن، لەوبارەشەوە هەمو ڕێكارەكانی ڕەسد و بەدواداچون و سەركۆنەكردن دەگرینەبەر كە بۆ پاراستن و ڕێزگرتن و داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ پێویستن.
