مالیکی بۆ هەڵسوڕێنەری کاروباری ئەمریکا: بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر پێویستی بەقەتیسکردنی چەک هەیە
نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ چوارشەممە" جەختیکردەوە: بونیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر پێویستی بە قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا هەیە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: "نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە جۆشوا هاریس کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "لە دیدارەکەدا باس لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا بە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست، هەروەها هەردوولا پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتییان تاوتوێ کرد".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئارەزووی عێراقی دەربڕیوە بۆ "بەردەوامبوون لە هاریکاری و دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو و هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی چالاککردنی ڕێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژی کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراوە".
مالکی ڕوونیکردەوە: "هێزە نیشتمانییەکان سوورن لەسەر تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان لە وادە دەستوورییەکانی خۆیاندا"، جەختیشیکردەوە: "بونیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر پێویستی بە قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا هەیە".
لای خۆیەوە، جۆشوا هاریس هیوای خواست کاربکرێت بۆ بەهێزکردنی هاریکارییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە پاڵپشتیی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا.
