مەسرور بارزانی: لەسەر ئەجێندای حکومەت ڕێک کەوتووین لەگەڵ یەکێتیی
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لێرەدا هەندێک بۆچوونی جیاواز هەن لەسەر پۆستەکان، لەسەر ئەجێندای حکوومەت ڕێک کەوتووین، لەگەڵ یەکێتیی.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، گوتی، "زۆر هەوڵمان دا بە ماوەیەکی زۆر نزیک حکوومەت پێک بهێنین، ئەوەی ڕاستی بێت دەمانەوێت حکوومەتێک پێک بێت کێشەی تێدا دروست نەبێت، پەنامان نەبردە بەر حکوومەتی زۆرینە، ئەگەر نا، لە تواناماندا هەبوو ئەو بڕیارە بدەین."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لێرەدا هەندێک بۆچوونی جیاواز هەن لەسەر پۆستەکان، لەسەر ئەجێندای حکوومەت ڕێک کەوتووین، لەگەڵ یەکێتیی بۆچوونێکی هاوبەشمان هەیە و ئێستا خەریکی ئەوەین باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکەین".
سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستوور و ئەگەری کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران ئەوەی خستە ڕوو "ئەگەر دەستوور هەموار بکرێتەوە، داوای مافی زیاتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، نەک کەمتر."
