مەسعود بارزانی پەیامێک سەبارەت بە دۆخی سووریا بڵاودەکاتەوە
مەسعود بارزانی پەیامێک سەبارەت بە دۆخی سووریا بڵاودەکاتەوە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ شەممە لەسەر پێشهەتەکانی دۆخی سووریا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەکەین کە لە سووریا ڕوو دەدەن، چونکە ئەو پێشهات و ڕووداوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و تێکڕای ناوچەکەمان هەیە.
مەسعود بارزانی: هیوادارین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا لە ئەنجامدا ببنە هۆی ئەوەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەفتارێکی وا ئەنجام نەدرێت کە ناکۆکی و گرفتی نەتەوەیی و تایفی لەنێو پێکهاتەکانی سووریا قووڵ بکاتەوە.
سەرۆکی پارتی لە کۆتایی پەیامەکەی ڕایگەیاندووە، ئومێدی ئەوە دەخوازین لایەنەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە بگەنە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیرییدا بێت.
