مەندەلاوی داوا لە لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان دەکات بەپەلە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات و هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، داوای لە لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان کرد بەپەلە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیاندا بکەن و ڕاستی بکەنەوە.
مەندەلاوی لە ڕاگەیەنراویکدا کەدەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە هاتووە، ڕایگەیاند: "بە گرنگییەکی زۆرەوە بەدواداچوونمان کرد بۆ ئەوەی وروژێنراوە سەبارەت بەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقیدا بڵاوکراوەتەوە، کە لەلایەن لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستانەوە دەرچووە کە جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، و تایبەتە بە تۆمارکردنی هەندێک قەوارە لە لیستی تیرۆر، و ئەو تێبینی و هەڵە هونەری و ڕێکارییانەی تێیدا بووە کە پێویستی بە پێداچوونەوە و وردبینیکردن هەیە".
وتیشی: "لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لە مسۆگەرکردنی دروستیی بڕیارەکان و گواستنەوەی ڕاستییەکان بە شەفافیەت، بۆیە داوا لە لیژنەی تایبەتمەند دەکەین بەپەلە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکات و ئەو هەڵانەی تێیدا هاتووە ڕاستیان بکاتەوە، بە شێوەیەک کە پابەندبوونی بە یاسا کارپێکراوەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان مسۆگەر بکات، و مافی ئەو تاک و لایەنانە بپارێزێت کە ڕەنگە بەهۆی ئەو هەڵانەوە زیانیان بەرکەوتبێت".
هەروەها مەندەلاوی داوای کرد گرنگی بدرێت بەو بزووتنەوە و حزبانەی کە بەرەنگاری دوژمنی زایۆنی بوونەتەوە و ڕووبەڕووی تاوانە ترسناک و پێشێلکارییە ئاشکراکانی بوونەتەوە و بە شانازی و سەربەرزییەوە مامەڵە لەگەڵ قوربانیدانیاندا بکرێت، و جەختیشی کردەوە کە "ئەگەر خوێنی شەهیدە نەمرەکانیان نەبوایە، ئەوا دوژمن هەموو ناوچەکەی داگیر دەکرد بەبێ هیچ ڕێگرێک.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسیارێتیی شەرعی و ئەخلاقی لەم دۆخە هەستیارەدا فەرزی دەکات لەسەرمان کە لەگەڵ ئەو لایەن و کەسایەتییانەدا بوەستین کە هەڵوێستێکی مەبدەئیی بەرز و ئازا و یەکگرتوویان هەبووە بەرامبەر دۆسێی فەلەستین و شەڕی دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
